حوسییەكانی یەمەن لە وەڵامی هێرشەكەی ئەمریكا، بە مووشەك و درۆن هێرشیانكردەسەر كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا لە باكووری دەریای سور.

یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەكانی یەمەن رایگەیاند، ئەمریكا لە دوایین هێرشیدا بۆ سەر بنكە و دامەزراوەی حوسییەكان لە یەمەن، زیاتر لە 47 جار بۆردومانی پارێزگاكانی سەنعا و سەعادە و بەیزا و حەجا و زەمار و مەئاریب و جەوفی كردووە، بۆردومانەكانیش گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان كەسی لێكەوتووەتەوە.

وتیشی، لە بەرانبەر ئەو هێرشەی ئەمریكا، لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی تایبەتدا و بە هاوبەشی نێوان هێزی موشەكی و ئاسمانی و دەریایی، بە 18 موشەكی بالیستی و كروز و درۆن هێرشیانكردووەتە سەر كەشتییە سەربازییەكانی ئەمریكا لە باكووری دەریای سور، لەنێویشیاندا كەشتی فڕۆكە هەڵگری یو ئێس ئێس هاری ترومان.

وتەبێژی حوسییەكان راشیگەیاند، گروپە چەكدارەكانی یەمەن لە بەرامبەر هێرشەكانی ئەمریكا درێغی ناكەن لە بە ئامانجگرتنی كەشتییەكانی ئەمریكا لە هەردوو دەریای سور و عەرەب.