ترەمپ هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستكراوە كرد، بۆ ئەوەی بێ گەڕانەوە بۆ كۆشكی سپی هێرشی سەربازی ئەنجامبدەن.

رۆژنامەی " پۆلیتیكۆ" ـی ئەمریكی بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، فەرماندەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستكراوە كردووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ كۆشكی سپی هێرشی سەربازی لە سنووری ناوچەكە ئەنجامبدەن، دوایین هێرشی ئەمریكاش بۆ سەر حوسییەكان لە یەمەن و هەروەها گروپە چەكدارەكان لە سودان و سوریا لەچوارچێوەی ئەو بڕیارەی ترەمپدان.

ئەوەشی خستووەتەڕو، بە دەستكراوەكردنی فەرماندە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا، چەندین هێرشی سەربازی تری ئەمریكا لەناوچەكەدا ئەنجامبدرێت.

پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، ئامانجی دوایین هێرشی ئەمریكا بۆ سەر سەنعا، لەناوبردنی بنكە و دامەزراوە سەربازییەكانی گروپە چەكدارەكان بووە و هاوكات، پاراستنی سامانە دەریاییەكانی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.