لە نوێترین وتاریدا، کەمێک پێش ئێستا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا دەستکەوتە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند کە سوریا توانیویەتی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگرێت.
گرنگترین بەشەکانی وتارەکەی سەرۆکی سوریا دەخەینەڕوو:
شەرع رایگەیاند: "گەلی سوریا لە مێژووی نوێیدا، بەهۆی رژێمی روخاوەوە، بە قۆناغێکی تراژیدیدا تێپەڕی، کە تێیدا خەڵک کوژران، ئاوارە بوون و لە بەندیخانە تاریکەکان ونکران، دەنگی ئازارەکان بەرز بوونەوە".
سەرۆکی سوریا ئاماژەی بەوەدا کە "تواناکانی دەوڵەت وێران کران و لەلایەن دز و بکوژەکانەوە تاڵان کران، سوریا بووە ژینگەیەکی دوورخەرەوە بۆ خەڵک و دراوسێکانی و ناوچەکە و جیهان، سوریا رەتکرایەوە و لە برا و رۆڵەکانی و دراوسێکانی دوورکەوتەوە".
سەرۆک شەرع جەختی لەوە کردەوە کە "لە شەش مانگی رابردوودا، پێشینەکانی چارەسەرمان دانا بۆ ئەو واقیعە تاڵەی کە سوریا تێیدا دەژیا و شەو و رۆژمان خستە سەر یەک. لە پاراستنی یەکێتی ناوخۆیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، سەپاندنی ئاسایش و قەدەغەکردنی چەک، تا پێکهێنانی حکومەت و لیژنەی هەڵبژاردن".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا "راگەیاندنی دەستووری و بەستنی کۆنگرەی نیشتیمانی، هەڵوەشاندنەوەی یاسا توندوتیژەکان، ئازادکردنی بازاڕ، هەڵسەنگاندنی واقیعی دامەزراوەیی، دەستنیشانکردنی کەموکوڕی و رێگاکانی چارەسەرکردنی، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەمانەدا گەشتە دیپلۆماسییەکان بۆ ناساندنی هەقیقەتی سوریای نوێ".
شەرع باسی لە سەردانەکانی دەرەوەی کرد و وتی: "سەردانی ریاز و شازادە محەمەد بن سەلمانم کرد کە بەڵێنی دا هەموو هەوڵێک بدات بۆ لابردنی گەمارۆکان لەسەر سوریا، پاشان سەردانی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغانم کرد کە لەگەڵ گەلی سوریا وەستا".
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ قەتەر، سەرۆکی سوریا وتی: "شێخ تەمیم بن حەمەد (میری قەتەر) سەردانی کردم کە لە ساتی ئازادبوونی سوریاوە بە هەڵوێستە مێژووییەکانی لەگەڵ گەلی سوریا لە تەنیشتمانەوە وەستابوو".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا، سەرۆکی سوریا باسی لە "دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کرد کە زوو ئامادەیی نیشاندا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان لەسەر سوریا، لەگەڵ گرنگترین وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا، هەروەها بەریتانیاش خێرا گەمارۆکانی لەسەر سوریا هەڵگرت".
لە کۆتایی وتارەکەیدا، شەرع جەختی لەوە کردەوە کە "رێگا هێشتا درێژە لەبەردەممان، ئەمڕۆ کاری جدی دەستی پێکردووە و لەگەڵیدا ژیانەوەی سوریای مۆدێرن دەستی پێکردووە، با پێکەوە سوریا بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن و زانست و کار بنیات بنێین".