لە پەرلەمانی سوید یادی قوربانیانی هەڵەبجە بەرز راگیرا
سام
١٥ی ئازاری ٢٠٢٥
لە تەلاری پەرلەمانی سوید یادی قوربانیانیانی هێرشی کیمیایی 16ـی 3ـی 1988 بۆسەر شاری هەڵەبجە کرایەوە.
هەروەها یادەوەرییەکە لە لایەن ئولێ مۆێلەر، سەرۆکی تۆڕی سویدی – کوردی ناوپەرلەمان بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان کرایەوە و پاشان شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید وتاری نوێنەرایەتی پێشکەش کرد وە هەمان کات هەریەك لە کێنیت گێ فۆشلوند، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی سوید و فرێدیك مالم، جێگری سەرۆکی تۆڕەکە وە بەرزان کۆچکایا، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی سوید وتاریان پێشکەش کرد.
شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید لە هەژماری خۆی رایگەیاندووە، "نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی سویدی – کوردی ناو پەرلەمانی سوید وە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە سوید، یادەوەرییەکی شکۆمەندانەیان لەناو تەلاری پەرلەمانی سویدا سازکرد، یادەوەرییەکە بە بەشداری رزگاربوانی کیمیابارانی هەڵەبجە، دبلۆماتکاران، پەرلەمانتارانی سوید، نوێنەرانی دامودەزگا حکومییەکانی سوید و پارت و لایەنە کوردستانییەکان وە رەوەندی کوردی لە سوید یادەوەری 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە بەرز و پیرۆز راگیرا".
لە یادەکەدا هۆنراوە و میوزیک پێشکەشكرا، هۆنراوەیەك لە لایەن سارا نەزەری بۆ هەڵەبجە خوێندرایەوە و هونەرمەندی کورد فەرزاد نیا و گروپی هەورامان میوزیکیان پێشکەش کرد.