ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، روسیا لیستی داواكارییەكانی پێشكەش بە ئەمریكا كردووە بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆكراین و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتندا.

دوو سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان رایگەیاند، تاوتوێی پلانی ئەمریكا دەكەن بۆ ئاگربەست لە ئۆكراین و پەلە ناكەن لە وەڵامدانەوەی ئەمریكا.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، وەرنەگرتنی ئۆكراین لە ناتۆ و جێگیرنەكردنی هێزی بیانی لە ئۆكراین و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەسەڵاتی روسیا لە كریمیا و چوار پارێزگای دیكەی ئۆكراین دەبنە مەرجی سەرەكی مۆسكۆ بۆ گفتوگۆ و راگەیاندنی ئاگربەست.

هاوكات، دیمیتری پێسكۆڤ وتەبێژی كرملن ڕایگەیاند، مۆسكۆ چاوەڕوانی زانیاری ورد لە ئەمریكا دەكات لەبارەی پێشنیازەكەی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و پێویستە پێش ئەوەی هەڵوێست رابگەیەنن،  ئەو زانیارییانەیان بەدەست بگات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای كۆبوونەوەی وەفدی ئۆكراین و ئەمریكا لە سعودیە، ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین پلانی ئەمریكای بۆ ئاگربەست پەسەند كرد و دۆناڵد ترەمپیش هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێی بەسەر مۆسكۆدا كرد ئەگەر بێت و پلانەكە قبوڵ نەكەن.