ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەمزوانە لەلایەن وڵاتێکی عەرەبیەوە پەیامی ترەمپ دەگەیەنرێتە دەستمان.

هەریەک لە بەرپرسانی ئێران، عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پەیوەست بەو نامەیەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە، کە ئاراستەی ئێرانکراوە بۆ دانوستان، رایانگەیاند: ئامادەی دانوستانین ئەگەر تیایدا رێز لە ئێران بگیرێت.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە: بەمزوانە نامەکەی ترەمپ لەلایەن راوێژکاری دبلۆماسی سعودییەوە دەگاتە دەستمان.

هاوکات عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاندبو: تاران هەمیشە ئامادەیە بۆ دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام دەبێت، "نامەکە پێگە و کەرامەتی ئێران لەبەرچاوبگرێت".

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەنوەر قەرقاش راوێژکاری دیبلۆماسی سعودیە هەڵگری نامەکەی ترەمپە، و تا ئێستاش هیچ وردەکارییەکی نامەکە لە میدیاکاندا بڵاونەکراوەتەوە. 

پێشتر ترەمپ رایگەیاندبو، ئەگەر تاران رازینەبێت بە دانوستان روبەروی هێرشی سەربازی دەبێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەیەوێت لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتنێکی نوێ بۆ رێگری لە پەرەپێدانی زیاتری بەرنامە ئەتۆمییەکەی. دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس بزنس، وتی: “پەیامێکم بۆ ناردن و هیوای خۆمم دەربڕی کە دانوستانمان لەگەڵبکەن، چونکە دەستێوەردانی سەربازی کارەساتبار دەبێت بۆیان”. لای خۆیەوە، خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی قسەکانی ترەمپدا رایگەیاند: پێشنیاری ترەمپ بۆ دانوستان تەنیا بۆ فریودانی رای گشتییە.