ئەمریكا تەواوی هاوكارییە دەرەكییەكانی بۆ ماوەی 90 رۆژ راگرت
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا فەرمانێكی دەستبەجێ و چوارچێوە فراوان دەردەكات، بە راگرتنی تەواوی هاوكارییە دەرەكییەكان بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە ئیسرائیل و میسر.
رۆژنامەی "پۆلۆتیكۆ"ی ئەمریكی، رایگەیاندوە ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، خەرجی بۆ زۆرینەی هاوكارییە دەرەكییەكان راگرت بۆ ماوەی 90 رۆژ. ئەو فەرمانە كە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تووشی شۆك كردووە، پێدەچێت هاوكارییەكانی ئۆكرانیاش بگرێتەوە.
هاوکات، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە رۆژنامە ئەمریكییەكە دەستی كەتووەو، رەوانەی سەرجەم بەرپرسە دیپلۆماسی و كونسوڵخانەكان كراوە، فەرمانی دەستبەجێ دراوە بە راگرتنی كاركردن بۆ سەرجەم هاوكارییە دەرەكییەكان.
بەڵام ئەو فرمانە هاوشێوەی فەرمانە جێبەجێكارییەكانی ئەم دواییەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ نیە، بەوپێیەی هاوكارییەكان بۆ ماوەی 90 رۆژ راگیراوە، لەچاوەڕوانی پێداچونەوەی لەلایەن وەزیری دەرەوەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەنامەكە بوارێكی بۆ شرۆڤەكردن و هەندێك تایبەمەندی هێشتووتەوە، كە هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ میسرو ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، رێگەشدەدات بە ناردنی هاوكاری خۆراكی بەپەلەو خەرجیە بڕیار لێدراوەكانی پێش ئەو وادەیە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، پێدەچێت راگرتنەكە ناردنی هاوكاری بۆ هاوپەیمانە سەرەكییەكان لە نمونەی ئۆكرانیاو ئوردون و تایوانیش بگرێتەوە.
"هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات"، وەك دوو هاوپەیمانی دیاری سوپای ئەمریكا لە شەڕی داعش، بەشێكن لەو لایەنانەی سودمەندن لە هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا، ناویان لە چوارچێوەی ئەو شوێنانەدا نەهاتووە كە جیاكارییان بۆ دەكرێت هاوشێوەی میسرو ئیسرائیل، پێدەچێت راگرتنی هاوكارییە كە بۆ ماوەی 90 رۆژە ئەو دوو هێزەش بگرێتەوە".