وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە شێوەی ئۆنڵاین قەدەغەیە و هەرکەسێک ئەو کارەبکات،  رێککاری توندی بەرانبەر دەگیرێتەبەر و سزادەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە هەموو شێوەیەک بە شێوەی ئۆنڵاین قەدەغەیە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم داواشدەکات، هاووڵاتیان خۆیان بە دوربگرن لەو جۆرە دەرمانانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن، چونکە ئەم کارە بە تەواوی نایاساییە و رێککاری توندی یاسایی دژیان دەگیرێتەبەر.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا، داوادەکریت هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەک پشت بەو ریکلام و پلاتفۆرمە  بێمتمانانە نەبەستن و دەرمان بە ئۆنڵاین نەکڕن، جگە لە دەرمانخانە هیچ شوێنێکی تر بۆی نیە دەرمان بە چارەخواز بدات.

تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بەرهەمانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە ئۆنڵاین بۆ دابەزاندن یان زیادکردنی کێش دەفرۆشرێن، سەرچاوە و پێکهاتەیان نەزانراوە و زیانی کوشندەیان بۆ سەر جەستە هەیە.