هەسەدە: لە گوندەكانی مەنبج و دێرحەفر نۆ چەكداری گروپەكان كوژراون
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
هەسەدە رایگەیاند، لە گوندەكانی مەنبج و گوندی دێرحەفر نۆ چەكداری گروپەكانی سەر بە توركیا كوژراون، 11ی دیكەشیان برینداربوون.
هێزەكانی سووریای دیموكرات - هەسەدە راگەیەنراوێكی سەبارەت بە پێكدانانەكانیان لەگەڵ گروپە چەكدارەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی هێزەكانیان بۆ وەڵامدانەوەی پەلاماری گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، لە گوندی هەوشارییە و گوندەكانی دەوروبەری مەنبج و گوندی دێرحەفر نۆ چەكدار كوژران و 11ی تریش برینداربوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لە ئۆپراسیۆنێكی تردا لە گوندی ئاتشانە لە باشووری مەنبج، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی چەكدارەكان تێكشكێنران، بەڵام ژمارەی كوژراو و بریندارەكان نەزانراوە.