مەزڵوم كۆبانێ: پێویستمان بە حكومەتێكە نوێنەرایەتی هەموان بكات
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت، تێكەڵكردنی هێزەكانیان و وەزارەتی بەرگری سوریا، پێویستی بە میكانیزمی باش هەیە.
مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات – هەسەدە لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردوەتەوە، پێشوازی لە هەوڵەكانی گەیر پیدەرسن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە سوریا و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەكات، كە ئامانج لێیان سەركەوتنی قۆناغی ڕاگوزەری سیاسییە لە سوریا.
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا هاتووە، دۆسیەی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەنێو وەزارەتی بەرگری سوریا، پێویستی بە پلانێكی ورد و میكانیزمی باش هەیە، كە ڕیگە بۆ دیدیێكی نیشتمانی خۆش بكات و وڵات بەرەو سوریایەكی یەكگرتو ببات و رەنگدانەوەی فرەیی هەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێویستیان بە حكومەتێكە، نوێنەرایەتی هەموان بكات و دەستورێكی دادپەروەرانەی هەبێت و دادپەروەری و یەكسانی بەدی بهێنێت.
ئەوەش لە كاتێدایە پێشتر پیدەرسن داوای كردبوو، دەرفەت بدرێتە ئەحمەد شەرع و هەسەدە لەسەر میكانیزمی پێكەوەكاركردنیان رێكبكەون.