ئێران نۆ هاووڵاتی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بە تۆمەتی مانگرتن دەستگیركرد
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
دەسەڵاتدارانی ئێران نۆ هاووڵاتی كوردیان بە تۆمەتی بەشداریكردن لە مانگرتنی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیر كرد.
دوای مانگرتنی فراوانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ناڕەزایی دەربڕین دژی دەركردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هەردوو ژنە چالاكونی كورد "پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی"، رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد ، نۆ كەس بە تۆمەتی بەشداریكردن لەو مانگرتنە، لە شارەكانی سنە، سەقز ، سەردەشت دەستگیركران.
ڕۆژی چوارشەممە خەڵكی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی لەسێدارەدانی وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دەستیان بە مانگرتن كرد و بازاڕ و دوكانەكانیان داخست، تا ئێستاش بەشێكیان دوكانەكانیان نەكردووەتەوە.