جارێكی تر ئیدارەی ترەمپ حوسییەكانی یەمەنی خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە, کۆشکی سپیش  ئاماژەبەوەدەکات چالاكی حوسییەكان هەڕەشە لە ئاسایشی مەدەنی و كارمەندانی ئەمریكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشەكانیان لە دەریایی سوور دەكات

 

كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە سزای توندتر لەو سزایانە دەسەپێنێت كە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەسەر ئەو گرووپە هاوپەیمانەی ئێراندا سەپاندبووی، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بۆ هێرشی حوسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سوور.

كۆشكی سپی دەشڵێت، چالاكی حوسییەكان هەڕەشە لە ئاسایشی مەدەنی و كارمەندانی ئەمریكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشەكانیان لە دەریایی سوور دەكەن.

حوسییەكان كە زۆربەی ناوچەكانی یەمەنیان كۆنتڕۆڵكردووە، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023وە تا ئێستا، زیاتر لە 100 هێرشی مووشەكیان بۆ سەر كەشتییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لە دەریای سوور ئەنجامداوە.

لە سەرەتای سەرۆكایەتییەكەیدا لە ساڵی 2021، بایدن ناوی گرووپەكەی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا كە پێشتر ترەمپ بڕیاری لێدابوو، بە ئامانجی چارەسەركردنی نیگەرانییە مرۆییەكان لە ناوخۆی یەمەن، بەڵام ساڵی ڕابردوو دووبارە بایدن سزای بەسەر گرووپەكەدا سەپاندەوە.