نیویۆرک تایمز: ئەگەر هەیە شەر لە غەززە دەستپێبکاتەوە
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە کاربەدەستانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەرهەیە لەپاش ئازادکردنی ئەو 30 بارمتەیەی لای حەماس ماون شەڕ لە غەززە دەست پێبکاتەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئێمە پابەندین بە بەڵێنی خۆمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازی حەماس و حکومەتەکەی لە کەرتی غەززە.
ڕۆژنامەکە روونیشیکردوەتەوە، شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل رەنگە رووبەڕووی فشار ببێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ بەتایبەت ئەگەر هەنگاوێکی راستەقینەی نێودەوڵەتی نەنرێت.
نیۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ناوخۆی غەززە بۆچوونی جیاواز هەیە لە نێوان لایەنگرانی حەماس و دانیشتوانی غەززە، زۆرێک لە دانیشتوانی کەرتەکە ترسیان لەوە هەیە کە مانەوەی بزوتنەوەکە لە دەسەڵاتدا ببێتە هۆی بەردەوامبوونی جەنگ و سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ لە ئایندەیەکی نزیکدا.
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی شەڕ لە غەززە "بە پشتیوانی ئەمریکا" دەستپێبکاتەوە، ئەگەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە نەچێتە پێشەوە.
ناتانیاهۆ لە سەروبەندی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا وتیشی: ئەگەر ناچار بین بگەڕێینەوە بۆ شەڕ، ئەوا بە شێوازی نوێ و بەهێز ئەو کارە دەکەین وئەمەش قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە دیاری دەکات.
نەتانیاهۆ بەڵێنیدا هەموو ئامانجەکانی شەڕەکە جێبەجێ بکات و وتی: کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو ئامانجەکانی شەڕ لە غەززە بەدی بهێنین و حەماس والێدەکەین مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەکاتەوە. هەروەها هەموو دەستبەسەرکراوە ئیسرائیلییەکانیش دەگەڕێنینەوە.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس 19ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام دەبێت، هاوکات بەپێی دوایین ئاماری تەندروستی غەززە، بە تێكڕای رۆژانە نزیکەی 100 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.