رێكخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانە لە بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە لە رێكخراوەكە
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
رێكخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانیی لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ دەردەبڕێت سەبارەت بە كشانەوە لە رێكخراوەكە و داوای لێدەكات بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، رێكخراوەكەیان رۆڵێكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی هەیە لە پاراستنی تەندروستی و ئاسایشی گەلانی جیهان لە نێویاندا ئەمریكییەكان و نیگەرانن لە بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێكخراوەكە.
تاریق یاساریفیچ وتەبێژی رێكخراوی تەندروستی جیهانی وتی، هیوادارە سەرۆكی ئەمریكا لەو هەڵوێستە پاشگەز ببێتەوە و لە رێی دیالۆگەوە كێشەكان چارەسەر بكرێن لەپێناو تەندروستی ملیۆنان كەس لە جیهاندا.
لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەو بەڵێنەی جێبەجێكرد كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئەمریكییەكانی دا و بڕیاری كشانەوەی لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئیمزا كرد.