ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا مارکۆ روبیۆی وەک وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەسەند کرد، بەوەش بووە یەکەم وەزیری کابینەکەی تڕەمپ.

موکۆ روبیۆی سیناتۆری کۆمارییەکان، یەکێک بوو لەو کاندیدانەی تڕەمپ کە کەمترین مشتومڕی لەسەر بوو. دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا ئەنجامدا، کە چوار کاتژمێری خایاند و تیایدا چەندین پرسی جیهانیان شەن و کەو کرد. شەوی رابردوو وەک وەزیری دەرەوەی کابینەکەی تڕەمپ پەسەند کرا.

لەو بارەیەوە چاک گراسلی سیناتۆر ئەوەی خستووەتە روو، مارکۆ روبیۆ پیاوێکی زیرەکە و تێگەیشتنێکی باشی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە.

رۆبیۆ بەوە ناوی دەرکردووە، "وەک باز وایە لە سیاسەتی دەرەوەدا" و بە تەواوی دژی جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەززەیە، پێی وایە، بوونی گروپە چەکدارەکانی وەک حەماس و حزبوڵای لوبنان هۆکاری ئەو شەڕەن کە لەو دوو وڵاتەدا هەیە و لەو رووەوە پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، رۆبیۆ دژی ئێرانە و لە رابردوودا ئەو سیستمەی لە ئێراندا هەیە، بە تیرۆرست ناوی هێناون.

ساڵی رابردووش باسی لەوەکرد، "سەرهەڵدانی بەرەیەک کە چین و روسیا و ئێران سەرکردایەتی بکەن، گەورەترین هەڕەشەی جیۆسیاسییە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان".

مارکۆ روبیۆ لە ساڵی ١٩٧١ لەدایک بووە، سیناتۆر و سیاسەتوانە و لە دایک و باوکێکی کوبایی لەدایک بووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، رۆبیۆ دەڵێت: هیچ کارێک لە بوون بە باوک گرنگتر نییە.

لە ساڵی ٢٠٠٠دا بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بووە وتەبێژی ئەنجومەنەکە، لە ساڵی ٢٠١١شەوە وەک سیناتۆر لە ئەنجومەنی پیراندا کار دەکات.