بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلی کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری تورکیادا 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 32 کەسی دیکە بریندار بوون.

میدیاکانی تورکیا ئەوەیان خستووەتە روو، ئاگرەکە لە هۆتێلی ناوچەیەکی گەشتیاریی تایبەت بە خلیسکێنە و تەلەفریکی سەر بەفردا کەوتووەتەوە لە پارێزگای بۆلۆ.

لەوبارەیەوە عەلی یەرلی کایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە، ئاگرەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی گەشتیاریی کارتالکایا کەوتووەتەوە و بە خێرایی تەشەنەی کردووە.

لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی ئەوەن بە خێرایی بریندارەکان رزگار بکەن، تەرمی ئەو کەسانەشی لە ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستداوە بەرەو پزیشکی دادی پارێزگاکە دەبرێن.

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەشڵێت، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستی پێکردووە و بەدەر لە زیانی گیانی ئاگرەکە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆریی باڵەخانەکە بسوتێنێت.