ساڵح موسلیم دەڵێت ئامانجی توركیا لە هێرشكردنە سەر بەنداوی تشرین داگیركردنی كۆبانێیە لە رۆژئاوای كوردستان.

ساڵح موسلیم ئەندامی دەستە سەرۆكایەتیی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" رایگەیاند: توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی هەوڵدەدەن بەنداوی تشرین و شاری مەنبج داگیر بكەن، لە بەرانبەردا رووبەڕووی بەرگریی بەهێزی شەرڤانان بونەتەوە و رۆژانە كوژراو و برینداریان هەیە.

موسلیم وتویەتی: ئامانجی سەرەكیی توركیا لە پشتیوانیی سەربازیی و ئاسمانیی بۆ چەكدارانی سوری بە ئامانجی داگیركردنی كۆبانێیە.

بە وتەی موسلیم لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان بە مەبەستی راگرتنی هێرشەكانی توركیا لەگەڵ لێپرسراوانی یەكێتی ئەوروپا كۆبونەونەتەوە و هاوكات چاوەڕێی دەستبەكاربونی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەكەن بۆ ئەوەی ئاگربەستی پێشوی نێوان توركیا و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بە نێوەندگیریی ئەمریكا جارێكی دیكە چالاك بكرێتەوە.

ساڵح موسلیم جەختی لەوە كردەوەتەوە كە رۆژئاوای كوردستان سەرەڕای هەوڵی دۆست و هاوپەیمانەكانی بەڵام خۆی بۆ هەر دۆخێكی دیكەی نەخوازراو ئامادە كردووە.