دوای 40 ساڵ، لە رێورەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپدا هەمان روداوی ساڵی ١٩٨٥ دووبارە دەبێتەوە و دەستبەکاربوونەکە لە ناو باڵەخانەی کۆنگرێسدا بەڕێوەدەچێت.

لە ساڵی 1985 رێورەسمی دەستبەکاربوونی رۆناڵد مێگان وەک 40ـەم سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە لەناو هۆڵی 'رۆتۆندا' لەناو باڵەخانەی کاپیتۆڵ بەڕێوەچوو، کە لەو ساڵەوە ئەوە کۆتا جار بوو ئەو رێورەسمە لەناو هۆڵێکی داخراودا ئەنجام بدرێت.

ئێستاش دوای 40 ساڵ، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی روی لە چەند ویلایەتێکی ئەمریکا کردووە، بڕیارە رێورەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپ لەناو هۆڵی باڵەخانەی کۆنگرێس یان لە هەمان هۆڵی رۆتۆندای باڵەخانەی کاپیتۆڵدا ئەنجام بدرێت.

کەشناسیی ئەوەی خستووەتە روو، پێشبینی دەکرێت لەکاتی رێورەسمی سوێندخواردنی تڕەمپدا پلەکانی گەرما 20 پلەی سیلیزی داببەزن و لەگەڵ رۆژانی ئاساییدا جیاوازیان زۆر بێت.

لە ساڵی 1985ـەوە سەرمای لەوجۆرە لە واشنتن تۆمار نەکراوە

بەپێی کەشناسی، رۆژی 20ی مانگ، لەدوای 40 ساڵ ساردترین رۆژی واشنتن دەبێت و لە ساڵی 1985ـەوە سەرمای لەو جۆرە روی لەو ویلایەتە نەکردووە و لەگەڵ ئەو سەرمایەشدا خێرایی با بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و وادەکات هەستکردن بە سەرما وەک ئەوە وابێت پلەکانی گەرما 25 پلە لە خوار سفری سیلیزییەوە بن.

ئەوەش وایکردووە، 220 هەزار کەس کە بڕیارە وەک میوان بەشداری رێورەسمەکە بکەن، بەسەر هەریەک لە هۆڵەکانی باڵەخانەی کاپیتۆڵ و کۆنگرێسدا دابەش بکرێن و بەشێکیان بەشێوەی راستەوخۆ نمایشەکە ببینن و بەشێکیشیان خۆیان تێیدا بەشدار بن.

لە رابردودا بەهۆی گەورەیی رێورەسمەکە و ژمارەی میوانەکان، لەناو باخچەی کۆنگرێسدا رێورەسمەکە بەڕێوەدەچوو و سەرۆکی نوێ دەستبەکار دەبوو و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرا.