ڤیدیۆ.. بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تەلەفریکەوە لە ئیسپانیا ٣٠ کەس بریندار بوون
هەساو ئەمیر
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تەلەفریک لە ناوچەیەکی گەشتیاری ئیسپانیا، ٣٠ کەس بریندار بوون و دۆخی تەندروستی نۆ کەسیان ناجێگیرە.
حکومەتی ئیسپانیا ئەوەی خستووەتە روو، رووداوەکە لە ناوچەی گەشتیاریی ئاستۆن لە باکووری خۆرهەڵاتی ئیسپانیا روویداوە و هەشت لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە و دۆخی تەندروستی نۆ برینداریش ناجێگیرە.
باسی لەوەشکردووە، بریندارەکان راستەوخۆ لە رێگای هێلیکۆپتەرەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ دەکرێت، دەیان گەشتیاری دیکەش لەسەر کورسییەکانی دیکەی تەلەفریککە گیریان خواردووە و تیمەکان سەرقاڵی هێنانەخوارەوەیانن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی بزانرێت بە وردی هۆکاری رووداوەکە و کەوتنەخوارەوەی تەلەفریکەکە چی بووە.