دارایی هەرێم دەڵێت، پابەند بوون بە گواستنەوەی پشكی گەنجینەی فیدراڵی و لە بەرانبەریشدا عیراق پارەی موچەی لە ساڵی 2025 تەنها بۆ 10 مانگ ناردووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی هەرێم هەمیشە ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەركردنی هەر تێبینی یان یەكلاكردنەوەیەك و تەواوی ئەو پابەندییانەشی جێبەجێكردووە كە لە یاسای كارگێڕی دارایی و یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023 و 2024و 2025دا هاتوون.
راشیگەیاندووە، حكومەتی هەرێم پابەند بووە بە گواستنەوەی پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە ساڵی 2025، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی پێشوو ئیمزاكرابوو، بەڵام لە بەرانبەردا پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی شایستە داراییەكانی تەنها بۆ ماوەی 10 مانگ لەو ساڵەدا نێردراوە و موچەی مانگەكانی تشرینی دووەم و كانوونی یەكەم رەوانە نەكراوە، بەڵام موچەی فەرمانبەرانی دامەزراوەكانی تری عیراق لەو دوو مانگەدا خەرجكراوە.
لە بەشێكی تری رونكردنەوەكەدا هاتووە، لەمساڵدا بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوولا، پشكی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم تا مانگی ئایار گواستراوەتەوە، بەڵام داهاتی مانگەكانی ئادار و نیسان، بەهۆی شەڕی ناوچەكە و نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا، دابەزینێكی بەرچاویان تۆماركرد، ئەوەش وەك ئامرازێك بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمدا بەكارهێنرا.