حكومەتی ئیسرائیل رێككەوتنی ئاگربەستی غەززەی پەسەند كرد و نوسینگەی ناتانیاهۆش دەڵێت، رەنگە یەكشەممە بەشێك لە بارمتەكان ئازاد بكرێن.

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، "حكومەتی بچوككراوەی ئیسرائیل" كە لە وەزارەتە ئەمنییەكان پێكهاتووە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا ئیمزای لەسەر رێككەوتنی ئاگربەستی غەززە كرد، كە بڕیارە لە رۆژی یەكشەممەوە بچێتە بواری جێبەجێكردن.

هاوكات نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست ناتانیاهۆ بە كەسوكاری بارمتەكانی راگەیاندووە، خۆیان بۆ ئازادكردنی بارمتەکان ئامادە بكەن و ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە رۆژی یەكشەممە بەشێك لەو بارمتانەی كە لە لای حەماس ماون لە غەززە ئازاد بكرێن.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەدوای راگەیاندنی رێکكەوتنی ئاگربەست، دەنگی ناڕەزایی لەناو حكومەتەكەی ناتانیاهۆ لە دژی رێكەوتنەكە بەرزبووەوە، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی و پارتی ئیسرائیلی هەڕەشەی كشانەوە و جیابوونەوە لە هاوپەیمانی پێكهێنانی حكومەت دەكەن.