سبەینێ حكومەتی ئیسرائیل رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە پەسەند دەكات
یەحیا
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
میدیاكانی رۆژئاوا باس لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە ئازادكردنی بارمتەكراوەكان دەكەن، ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لە وادەی خۆیدا.
پێگەی ئاكسیۆسی ئەمریكی لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، دوایین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەكان لە چوارچێوەی رێككەوتنی غەززەدا یەكلایی كراونەتەوە.
هەروەها دەزگای میدیایی ئیسرائیل لەزاری لێپرسراوانی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردەوە، ناكۆكییەكان سەبارەت بە رێككەوتنی غەززە چارەسەركراون و رۆژی یەكشەممە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوەو هەموو ئاستەنگەكان لابراون.
دەشڵێت، رۆژی هەینی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پەسەندكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە كۆدەبێتەوە.
لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش ڕایگەیاند، متمانەیان هەیە رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بچێتە بواری جێبەجێكردن.