حەماس و ئیسرائیل لێدوانی دژ بەیەک لەبارەی ئاگربەستەوە دەدەن
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بزوتنەوەی حەماس تۆمەتبار دەكات بە پابەندنەبون بە رێككەوتنی ئاگربەست و حەماسیش رەتیدەكاتەوە.
"بنیامین ناتانیاهۆ "سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بزوتنەوەی حەماس پاشگەزبوەتەوە لە پابەندبون بە هەندێك وردەكاری رێككەوتنی ئاگربەست، داواشیكردوە نێوەندگیرەكان بە تەواوی دڵنیایان بكەنەوە لەوەی كە حەماس سەرجەم خاڵەكانی رێككەوتنەكەی پەسەندكردوە.
لە بەرامبەریشدا بزوتنەوەی حەماس تۆمەتەكانی ناتانیاهۆی سەبارەت بە پابەندنەبونی بە رێككەوتنەكە رەتكردوەتەوە و "سامی ئەبو زەهری" سەركردە لە بزوتنەوەی حەماس رایگەیاندووە، بزوتنەەیان پابەندە بە رێككەوتنەكەوە و وتەكانی ناتانیاهۆ لەوباریەوە هیچ بنەمایەكی نییە، داواشیكردوە ئیدارەی ئەمریكا ئیسرائیل ناچار بكات بە پابەندبون بە ئاگربەستەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززەوە، ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی كەرتی غەززەی بۆردومان كردوە، هاوكات، بەرگری شارستانی فەلەستین رایگەیاند بەهۆی بۆردومانەكانەوە زیاتر لە 70 كەس كوژراون كە 20 یان منداڵن، ئاژانسی فرانس پرێسیش ئاشكرایكردوە ، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا لە غەززە 81 كەس كوژراون كە زۆرینەیان ژن و منداڵن.