لە تورکیا بەهۆی مەی ساختەوە 34 کەس گیانیان لەدەستداوە
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لە ساڵی نوێدا بەهۆی مەی ساختەوە تەنها لە ئیستانبوڵ 34 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی تریش دۆخی تەندروستییان تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
لە 48 سەعدا 23 کەس گیانیان لەدەستداوە
وێبسایتی پارێزگای ئیستانبوڵ رایگەیاندووە، " بەهۆی بەکارهێنانی مەی ساختە، حاڵەتی ژەهراویبوون لە سەرتاسەری ئیستانبوڵ زیادیکردووە، لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا 66 حاڵەت تۆمارکراون، 23 یان گیانیان لەدەستداوە".
ئاماژە بەوەش کراوە، لە رۆژی سەری ساڵەوە تاکوو ئێستا، 34 کەس بەهۆی ئەو جۆرە مەیەوە ژەهراویبوون و گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی تورکیا بەدواداچوونی دەستپێکردووە و رێوشوێنە تەندروستییەکانی چڕتر کردووەتەوە، بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، توانراوە دەست بەسەر 29 تۆن مەی ساختەدا بگیرێت و 64 شوێنی بازرگانیش دابخرێن و مۆڵەتی کارکردنیان لێ بسەندرێتەوە.
ساڵی رابردوو 110 کەس گیانیان لەدەستداوە
بەپێی ئامارە رەسمییەکان، لە ساڵی 2024ـدا 110 کەس بە مەی ساختە ژەهراویبوونە و لەو ژمارەیەشدا 48 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
تا ئێستا تەواوی هۆکاری گیانلەدەستدانەکان بەهۆی ئەو جۆرە مەیە دیارنییە، بەڵام بەپێی زانیاریی چەند راپۆرتێک لە میدیا ئەورووپییەکان، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ماددەی "میتانۆل" لەبری ماددەی "ئیتانۆل"، کە تێچووەکەی هەرزانترە، بەڵام بۆ خواردنەوە ناشێت و دەبێتە هۆی ژەهراویبوون.