ئۆجەلان رایگەیاند، سەرەڕای بانگەشەكان، دەسەڵاتی توركیا هەنگاوی راستەقینەی نەناوە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و پرسی كورد لە توركیا.

سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان - دەم پارتی بە ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیای راگەیاندوە؛ لە چاوپێكەوتنەكەی 28ی مانگی رابردوودا عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكە بە بەرنامە و بە كرداریش لە حەوت خاڵدا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوە پڕۆسەی چارەسەریی راگەیاندووە و لە بەرانبەردا تا ئێستا هەنگاوی راستەقینە لە لایەن دەسەڵاتی توركیا بەدی نەكراوە.

ئۆندەر وتیشی، ئۆجەلان بڕوای وایە دەسەڵاتی توركیا بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست - مەهەپە هەنگاوی تەواویان نەناوە بۆ دەستپێكردنی دانوستان بۆ دەستپێكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گفتوگۆكردن لەگەڵیدا.

ئۆجەلان وتویەتی: ئەگەر دەسەڵاتی توركیا بە تەواوتی دەست بە دانوستانەكانی پڕۆسەی ئاشتیی نەكات و سەرنج و تێبینییەكانی جێبەجێ نەكات ئەوا پڕۆسەكە سەركەوتو نابێت چونكە دەسەڵات لە لایەكەوە باسی ئاشتی دەكات و لە لایەكی دیكەشەوە ئاستی توندوتیژیی و جەنگی كەم نەكردوەتەوە.