وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا جدیین لە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆتایی دانوستانەكانی ژنێڤ لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا جدیین لە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییە مشتومڕاوییەكەی وڵاتەكەی.

راشیگەیاند، دانوستانەكان ئەرێنی بوون و هەستیان بە جددیەتی و ئیرادەی ئەو وڵاتانە كردووە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بنەڕەتی، بەڵام نازانن ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەنیازە دانوستانەكان دەستپێبكاتەوە یاخود نا.

پێشتریش عەباس عراقچی رایگەیاندبوو، ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ئێران لەبارەی ئەتۆمەوە گرنگ دەبێت.

پەیماننامەی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان هەریەک لە وڵاتانی ئێران، ئەمریکا، چین، روسیا، فەڕەنسا، ئیماڕات و ئەڵمانیا ئیمزا کرا. بەڵام دۆناڵد ترەمپ تاکلایەنە لە پەیمانەکە کشایەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، لەوکاتەشەوە تاران بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی ئەتۆم.