بایدن: سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی لۆس ئەنجلوس دەیان ملیار دۆلاری پێویستە
هەساو ئەمیر
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ یەک هەفتە بەسەر کەوتنەوەی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلوسدا تێدەپەڕێت و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، سەرلەنوێ بونیادنانەوەی لۆس ئەنجلوس بە دەیان ملیار دۆلاری پێویستە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای حەوت رۆژ لە ئاگرە بەردەوامەکەی کالیفۆڕنیا، زیانێکی زۆر بەر ئەو ناوچانە کەوتوون کە ئاگر گرتوونییەتیەوە، بۆیە کۆنگرێس پێویستە بودجەی پێویست دابین بکات بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی فیدڕاڵ تێچووی ١٨٠ رۆژی رووبەڕووبوونەوەی ئەو رووداوەی دابین کردووە، هەر لە هەژمارکردنی مووچەی زیادە بۆ پۆلیس و کارمەندەکان تاوەکو دابینکردنی شوێنی مانەوەی هاوڵاتیان و سەرجەم پێداویستییەکانی دیکە، بۆیە دووبارە بونیادنانەوەی لۆس ئەنجلوس و گەڕاندنەوەی بۆ کاتی پێشووی، دەیان ملیار دۆلاری پێویستە.
ئەمڕۆ دوای یەک هەفتە لە کەوتنەوەی ئاگرەکەی کالیفۆڕنیا کە سێ لای ویلایەتەکەی گرتووەتەوە، ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئاگرەکە رووبەڕی ٤٠ هەزار و ٥٨٨ کیلۆمەتر زەوی گرتووەتەوە و ئەوەی لەبەردەمی بووە سوتاندویەتی تەنها ئاسنی نەتواندووەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٢ هەزار و ٣٠٠ خانوو و باڵەخانە سوتاون.
بە سەدان ڤێللای هونەرمەند و کەسایەتییە بەناوبانگ و بازرگانەکان سوتاون، لەئێستادا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەشت ویلایەتی دیکەوە چوونەتە کالیفۆڕنیا بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی لۆس ئەنجلوس، کەنەدا و مەکسیکیش سەرقاڵی ئامادەکردن و ناردنی تیمی هاوکارین.
ئاگرەکە بە یەکێک لە زیانبارترین کارەساتە سروشتییەکانی مێژووی کالیفۆڕنیا دادەنرێت و تاوەکو ئەم ساتە زیانەکانی بە ١٥٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لە ئێستاشدا کەشناسیی کالیفۆڕنیا هۆشداری داوە لەوەی رەشەبایەکی بەهێز کالیفۆڕنیا دەگرێتەوە، کە بە ئەگەری زۆرەوە ئەوەش جارێکی دیکە زیاتر پەرە بە ئاگرەکە دەدات.