كۆشكی سپی: بایدن داوای لە ناتانیاهۆ كردووە بەپەلە ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنرێت
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وێنە، باڵەخانەیەکی غەززە کە بەهۆی جەنگی تاقەت پڕوکێنەوە خاپوور بووە
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ داوای ئاگربەستێكی دەستبەجێی كرد لە غەززە.
كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، بایدن و ناتانیاهۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوانیاندا تاوتوێی هەوڵەكانییان كردووە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە و ئازادكردنی ئەو بارمتانەی كە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە.
ئەوەش هاتووە، بایدن جەختی كردووەتەوە بۆ ئاگربەستێكی دەستبەجێ لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتەكان و زیادكردنی یارمەتییە مرۆییەكان.
هاوكات بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن، بەهۆی شەڕەكەوە تا ئێستا زیاتر لە 46 هەزار فەلەستینی لە غەززە كوژراون، ئەو ناوچەیەش ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی مرۆیی بووەتەوە و زۆربەی دانیشتوانەكەشی ئاوارەبوون.