قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابوریی دێڵفی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جەنگە لە روی ئابوری، ئەمنی و دەروونییەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێم هەبووە، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی کوردستانە و دەیانەوێت وەک پردێک بن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە.
قوباد تاڵەبانی جەختی لە پێشوازیی هەرێم لە رێککەوتنی ئاگربەست کردەوە و هیوای خواست ئاگربەستەکە بەردەوام بێت و وەک هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن.
لە روی ستراتیجیشەوە، کورد لە رابردوودا وەک کێشە سەیری کورد کراوە و ئەمڕۆ کورد ئەو قۆناغەی تێپەراندوە و لە ئێستادا وەک پردێکن، کە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا دەکەن، لە تورکیا و لە سوریا هەوڵدەدەن مافەکانی کورد پارێزراوبێت و لە رۆژهەڵاتیش تەواوی هەوڵیان بۆ ئەوەیە کوردان زیانیان پێنەگات.
لە روی گەشەپێدانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیشەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێم پلان و نییەتی هەیە گەشەپێدان لە شارە گەورەکانەوە، کە لە ئێستادا لە ئاستێکی باشدایە بگوازێتەوە بۆ گوند و ناوچە دوورەدەستەکان، چونکە ئەو شوێنانە سەرچاوەی سەرەکیی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین.
قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، ئەوان بۆ ئایندە دەڕوانن و دەیانەوێت دوربکەونەوە لە پشت بەستن بە نەوت و هەوڵدەدەن بەکاربهێنین بۆ نێوکردنەوەی کرتەکانی تر وەک کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئامانجیانە وەک هەرێمی کوردستان سود لە وڵاتانی تر وەرگرن و ببنە هەناردەکار، بەو پێیەی هەرێم خاوەنی بەرهەمی کوالێتی بەرزی کشتوکاڵی و میوەیە وەک هەنار، هەنگوین و گوێز، کە دەکرێت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا جێگەی خۆیان بکەنەوە و کێبڕکێی وڵاتان بکەن.