سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، واشنتن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو دارایی و سامانە سڕکراوانەی ئێران بەکاردەهێنێت کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بلۆککرابوون، ئەوەش بە مەبەستی کڕینی گەنم، گەنمەشامی و فاسۆلیای سۆیا لە جوتیارانی ئەمریکی.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "رۆیتەرز"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ زانیارییەکی وردی لەسەر قەبارەی ئەو پارانە یان میکانیزمی بەکارهێنانیان ئاشکرانەکردووە، هەروەها روونی نەکردووەتەوە ئایا ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی دیاریکراودا هاتووە لەگەڵ تاران یاخود نا؟.
ئەم راگەیاندنەی سەرۆکی ئەمریکا لەدوای ئەو لێکتێگەیشتنە دێت کە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هاتە ئاراوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوانیان، کە بەهۆیەوە چەند هەنگاوێکی بەرانبەر لەلایەن هەردوولاوە نران، لەوانەش کەمکردنەوەی هەندێک لە سزا و کۆتوبەندە ئابورییەکان و ئازادکردنی بەشێک لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران.
جێی ئاماژەیە دۆسیەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران بە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دادەنرێت لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا ئێران داوای ئازادکردنی تەواوی ئەو پارانە دەکات، ئەمریکاش لە قۆناغەکانی پێشوودا بەکارهێنانی بەشێک لەو پارانەی بەستبووەوە بە رێوشوێنی مرۆیی یان لێکتێگەیشتنی تایبەتەوە.