ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دەپشکنن. هاوکات داوا دەکات لە دوای ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستمێکی چاودێریی زۆر بەهێز لە ئێران پەیڕەو بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی تاران پەرە بە چەکی ئەتۆمی نادات.
رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: "بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئاماژە بەوەکراوە، کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەژێر سەرپەرشتی ئاژانسەکەماندا دەبێت و پێویستە پشکنین بۆ تەواوی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکرێت."
گرۆسی ئاماژەی بەوەش کرد، کارە تەکنیکییەکان لە ئێستاوە دەستیانپێکردووە و هیوادارن لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی ئێران بکەن، تاوەکو تیمەکانیان مافی دەستگەیشتن و پشکنینی هەمیشەیی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەیان هەبێت.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جەختیشی کردەوە، پێویستە لە زووترین کاتدا سیستمێکی چاودێریی توند و تۆکمە لە ئێران جێبەجێ بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە تاران هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نانێت.