پۆلیسی گەرمیان دوو کەسی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەکردن دەستگیردەکات و رایدەگەیەنێت، یەکێک لە تۆمەتبارەکان خۆی وەک ژن ناساندووە و پیاوانی هەڵخەڵەتاندووە و هەڕەشەی لێکردوون، لە بەرانبەر سڕینەوەی ڤیدیۆ و وێنەکانیان داوای پارەی لێکردوون.
عەقیدی پۆلیس سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کەسێک بەپێی 'مادەی دوو' لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە دەستگیرکراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان (نووسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان)، تۆمەتبارێکی تری دەستگیرکردووە کە دانیشتووی شارۆچکەی هەریرە و بەپێی مادەی (430) لە یاسای سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.
راشیگەیاند، ئەو تۆمەتبارە لە رێگەی هەژمارێکی ساختەی فەیسبووکەوە بە ناوی "Bexall Jamal"، خۆی وەک ژن ناساندووە و هەستاوە بە هەڵخەڵەتاندنی پیاوان، پاشان هەڕەشەی لێکردوون و لە بەرانبەر سڕینەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنەکانیاندا داوای پارەی لێکردوون و بەو شێوەیە پارەی لە چەندین کەس سەندووە، لە ئێستاشدا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
لەکۆتاییدا، پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاووڵاتیانی سنورەکە دەکات، ئەگەر هەر کەسێک لەلایەن ئەم هەژمارەی فەیسبووکەوە هەڵخەڵەتێنراوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە.