چاوشئۆغلو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم مانگەی ستۆکھۆڵم ھیچ مانایەک نەماوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ سوید و فینلەندا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی ھەنگاوەکانی ھەردوو وڵات بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ.

وتیشی، تا ئێستا بەرەسمی ھیچ پێشنیارێکیان بۆ نەکراوە لەبارەی قبوڵکردنی ئەندامێتی سوید و فینلەندا بە شێوەی جیا.

رۆژی دووشەممەی رابردوو لەکاردانەوەی رێگەپێدانی حکومەتی سوید بە خۆپیشاندانی لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوتاندنی وێنەیەکی قورئانی پیرۆز لەلایەن توندڕەوێکەوە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکھۆڵم، حکومەتی تورکیا دانوستانەکانی لەگەڵ سوید و فینلەندا بۆ کاتێکی نادیار راگرت کە بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی داھاتوو گەڕێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەبچێت.