"تۆفیق رەبیعە"وەزیری حەج و عومرەی سعودیە لە کۆنفرانسێکدا لە شاری جدە رایگەیاند، وەرزی حەجی ئەمساڵ و ژمارەی حاجیان ھاوشێوەی ساڵانی پێش کۆرۆنا دەبێت و ھیچ رێکارێکی تەندروستی نامێنێت.

وتیشی، بەھۆی کۆرۆناوە رێگەنەدەدرا ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو ٦٥ ساڵەوەیە فەریزەی حەج بەجێبگەیەنن، بەڵام بۆ ئەمساڵ مەرجی تەمەنیش لابراوە، ھەروەھا نرخی بیمەی تەندروستی بۆ حاجیان ٧٣% و بۆ عومرەکاران ٦٣% کەمدەکرێتەوە. 

ھاوکات"کاروان ستوونی" وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی گۆڕانکارییەکانی سعودیە لە ئەنجامدانی حەج و عومرە، رێژەی سەردانکەرانی حەج لە ٤٢%ەوە دەبێتەوە بە ١٠٠% ، پشکی ھەرێمیش پابەندە بە عێراق، ئەوانیش بە پێی رێژەی ژمارەی دانیشتوان دیاریدەکەن.

وتیشی ساڵی رابردوو دوو ھەزار و ١٢٠ کەس لەھەرێمەوە چوونەتە حەج، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەو رێژەیە ببێتەوە بە دوو ھێندە و نزیکەی پێنج ھەزار کەس لە ھەرێم فەریزەی حەج بە جێ بگەیەنن.

سەبارەت بە کەمکردنەوەی نرخی عومرەش رایگەیاند، نرخی عومرە لە ٢٣٥ ریاڵی سعودیەوە کەمکراوەتەوە بۆ ٨٩ ریاڵ، بەوەش نزیکەی ٥٠ دۆلار کەمدەبێتەوە.