تورکیا گوندەکانی دەوروبەری تەل رەفعەتی بۆردومانکرد
کوردسات نیوز
١٤ی ئابی ٢٠٢٢
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ھێزەکانی تورکیا کە بە دەوری شارۆچکەی مارع لە باکووری حەلەب بڵاوبوونەتەوە، بە مووشەک ژمارەیەک لە گوندەکانی دەوروبەری تەل رەفعەت و باکووری حەلەبیان بۆردومانکردووە، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدان.
راشیگەیاند، ئەو بۆردومانانەی تورکیا لە کاردانەوەی بۆردومانکردنی چەند بنکەیەکی سەربازی تورکیایە لە دەوروبەری شارەکانی باب و مارع.
روانگەی سوریا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دووەمجار لە ماوەی ئەممانگەدا سوپای تورکیا توانا سەربازییەکانی لە پێگەکانی لە سنووری پارێزگای ئیدلب بەھێز کردووە و دەیان تانک و زرێپۆشی بۆ ئەو ناوچەیە گواستووەتەوە.



