میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکرد، تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر، ١٣٠ کۆچبەری نایاساییان لە ھەردوو کەناراوی قەرە بۆرۆن و دیکێلی رزگارکردووە.

ھاوکات تیمە دەریاییەکانی پارێزگای مۆغلاش، دوو کۆچبەری تری نایاساییان لە کەناراوەکانی ناوچەی بۆدروم رزگارکردووە و سەرجەم کۆچبەرەکانیش رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ لە ھەردوو پارێزگای مۆغلا و ئیزمیر کراون.

تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ھەردوو پارێزگای مۆغلا و ئیزمیر، دەسەڵاتدارانی یۆنانیان بە ناردنەوەی زۆرەملێی کۆچبەرەکان بەرەو سنوورە ئاوییەکانی تورکیا تۆمەتبارکرد.

لەلایەکی دیکەوە فەرماندەیی پۆلیسی مۆغلا رایگەیاند، لە دارستانەکانی سنووری پارێزگاکە، ٧٢ کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە، کە ھەڵگری رەگەزنامەی پاکستانی و ئەفغانی و بەنگلادیشی بوون.