رۆژنامەنووس "رەنج پشدەری" بە كوردسات نیوزی ریگەیاند، ئەو بەلەمە لە ئەنتاڵیاوە بەڕێكەوتووە بەرەو ئیتاڵیا و ماوەی دوو رۆژە بەهۆی خراپی كەشوهەواوە دووچاری گرفتبوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ نقوم بووە.

وتیشی، كۆچبەرەكان خەڵكی عێراق و ئەفغانستانن تەنها 29یان رزگاركراون و 51 كۆچبەریەكەی دیكە چارەنووسیان نادیارە كە بەشێكیشیان كوردن. 

"رەنج پشدەری" راشیگەیاند، هەر لەو رۆژەدا یەختێكی دیكە كە زیاتر لە 170 كۆچبەری هەڵگرتبوو لەلایەن پۆلیسی دەریایی توركیا رزگاركراون. 

هاوكات "ئاری جەلال" سەرۆكی دەزگای لوتكە رایگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراقیان لە یۆنان ئاگاداركردووەتەوە لەو رووداوە، بەڵام ئەوان هیچ زانیارییەكیان بەدەستنەگەیشتووە. 

"ئاری جەلال" وتیشی، سەرقاڵی كۆكردنەوە زانیارین و هاوكار و هەماهەنگی كەسوكاری قوربانیانی ئەو رووداوە دەبن.

بە بڕیاری وەزیری دەریاوانی یۆنان، دوو كەشتی بازرگانی و دوو بەلەمی دەریایی و هەلیكۆپتەر بە دوای ئەو كۆچبەرانەدا دەگەڕێن كە تائێستا بێسەروشوێنن.