نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی ١٠ ھەزار داعش لە سنوری عێراق و سوریادا ھەن
کوردسات نیوز
١٠ی ئابی ٢٠٢٢
"ڤلادمیر ڤورونکوڤ" بریکاری ئەمینداری گشتی بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، مەترسی داعش بەردەوامە بە تایبەت لەو وڵاتانەی ئاڵۆزی سیاسییان تێدایە و حکومەتەکانیان لاوازە.
وتیشی، داعش تەنھا لە عێراق و سوریا کار ناکات، بەڵکو لە ئەفغانستان و سۆماڵ و دەریاچەی چاد جموجوڵیان ھەیە.
ڤلادمیر ڤورونکوڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا سنوری نێوان عێراق و سوریا لەژێر ھەڕەشەدایە و نزیکەی ١٠ ھەزار چەکداری داعش لەو ناوچەیە بوونیان ھەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشوازییان کرد لە گەڕانەوەی زیاتر لە دوو ھەزار و ٥٠٠ ئاوارە لە کەمپەکان و ناوچەکانی باکوری خۆرھەڵاتی سوریا لەلایەن عێراقەوە، ھۆشداریشیاندا لەوەی زیاتر لە ٢٧ ھەزار منداڵ لە عێراق لەژێر مەترسی خراپی رەوشی ئەمنی و مرۆییدان و پێویستە کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی داعش لەسەر منداڵان.