ئاژانسی ھەواڵی ئیرنا بڵاویکردەوە، شەڕەکە لەناوچەیەکی نزیک پارێزگای کرمانی باشوری ئەو وڵاتە ڕوویداوە، لەئەنجامدا چوار ھاوڵاتی ئێرانی و شەش ھاوڵاتی ئەفغانی کوژراون و کەسێکیش برینداربووە، لەسەر ڕووداوەکەش تۆمەتبارێک کە گوایە کێشەی دەروونی ھەیە دەستگیرکراوە.

ئاشکراش بووە تۆمەتبارەکە ھاوڵاتییەکی ئەفغانییە و یەکێکە لە ئالودەبووانی ماددە ھۆشبەرەکان و تاوانەکەشی بەچەقۆ ئەنجامداوە، دوای ڕووداوەکەش ویستوویەتی ناوچەکە جێبھێڵێت، بەڵام لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاویکردەوە، چەند ساڵێکە وشکەساڵی کاریگەریی بەرچاوی کردووەتە سەر  ناوچە کشتوکاڵییەکانی ئێران، بەو ھۆیەشەوە ناکۆکی لەسەر زەوی و سەرچاوەکانی ئاو پەرەیسەندووە.