دوو ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت
کوردسات نیوز
٤ی ئابی ٢٠٢٢
ئەمرۆ دوو ساڵ تێپەڕدەبێت بە سەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت کەبەھۆیەوە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٦ ھەزار کەسی تر برینداربوون و زیانێکی گەورەی بە شارەکە گەیاند، یەکێک لەو شوێنانەی زیانی گەورەی بەرکەوت سایلۆی گەنمی شارەکە بوو کە بەشێکی لە ئاکامی تەقینەوەکە ھەرەسی ھێنا و لە چەند رۆژی رابردووشدا بە کاریگەری کەوتنەوەی ئاگر لە سایلۆکەدا کە ماوەی سێ ھەفتە بەردەوام بوو، بەشێکی تری ھەرەسی ھێنا و ئەمرۆش بەشێکی تری سایلۆکە رووخا.
ھەر لە یادی تەقینەوەکەدا کەسوکاری قوربانیان لە بەیروت خۆپیشاندانیان کرد، پاتریاکی مارۆنی لوبنان لە رێوڕەسمێکدا رایگەیاند، تەقینەوەکە تاوانێک بوو لە دژی مرۆڤایەتی و پێویستە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە ھۆکاری تەقینەوەکە بکرێت، لەبەر ئەوەی دادگا لە لوبنان بە سیاسی کراوە.