"پیلۆسی" لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ "تسای ئینگ ون" سەرۆکی تایوان رایگەیاند، ئەمریکا پشت ناکاتە ئەو بەڵێنانەی بە تایوانیان داوە و پابەنددەبن پێوەی. وتیشی لە سەردانەکەیدا دەیەوێت پەیامێک پێشکەشبکات کە ھیچ گومان و گۆڕانکارییەکی تێدانییە لە ھەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە تایوان. 

لە درێژەی کاردانەوەکانیشدا لەسەر سەردانەکەی پیلۆسی، وەزارەتی دەرەوەی چین باڵیۆزی ئەمریکای لە بەیجینگ بانگھێشتکردەوە و راشیگەیاند، ئەو سەردانە لێکەوتەی زۆری دەبێت و چین دەستەوسان ناوەستێت. 

ھاوکات وەزارەتی بەرگری تایوان بڵاویکردەوە، مانۆڕە سەربازییەکانی چین پێشێلکاری گەورەیە و وەڵامیان دەبێت لەسەر پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەیان. 

وەزارەتی دەرەوەی تایوانیش بڵاویکردەوە، تایوان سەربەخۆیە و سەر بە کۆماری میللی چین نییە، جموجوڵ و نیگەرانییەکانی چینیش لەسەر سەردانەکەی پیلۆسی کێشەکان گەورەتر دەکات و مەترسی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی دروستدەکات.