سەرچاوەکانی ھەواڵ باسیان لەوەکردووە، ھەریەک لە"محەمەد سەڵاحەدین عەبدولحەلیم زێدان" ناسراو بە" سەیف عەدل" لەگەڵ " ئەبو عەبدولڕەحمان ئەلمەغریبی" زاوای ئەیمەن زەواھیری زۆرترین چانسیان ھەیە بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە. 

پەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، سەیف عەدل بەڕەگەز میسرییە و لە کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدەوە کردووە و ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە بونیاتنانی تواناکانی قاعیدە ھەروەھا لەلایەن واشنتۆنەوە تۆمەتبارە بەوەی کەمپی مەشق و ڕاھێنانی لە سودان و سوماڵ و ئەفغانستان بۆ قاعیدە دامەزراندووە.

سەبارەت بە "ئەلمەغریبی" زاواکەی زەواھیری، سەرکردەیەکی دیاری رێکخراوی قاعیدەیە و  سەرۆکی لیژنەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە بووە  و ھونەرێکی زۆری ھەیە لە خۆ ونکردن لە بەرامبەر نەیارەکانی.