یەکەم کەشتی ھەڵگری دانەوێڵە لە ئۆکراینەوە بەرەو لوبنان بەڕێ دەکەوێت
کوردسات نیوز
١ی ئابی ٢٠٢٢
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند سەعاتی داھاتوودا کەشتی (رازونی) کە بڕێکی زۆر گەنمی ھەڵگرتووە، دەبێتە یەکەم کەشتی ھەڵگری دانەوێڵە کە بەندەری ئۆدێسا لە ئۆکراین بە جێدەھێڵێت و بەرەو لوبنان بەڕێدەکەوێت و دوای تەواوکردنی رێکارە پێویستەکانیش چەندین کەشتی دیکەی ھەڵگری دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکراینەوە بەرێ دەکەون.
لە ٢٢ی مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە نێوان روسیا و ئۆکراین و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، رێککەوتنێک ئیمزا کرا بۆ ھەناردەکردنی سەرجەم ئەو بەروبوومە کشتوکاڵیانەی لە بەندەرەکانی ئۆکراین گیریان خواردوە.