سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ ئاسیا دەستپێکرد
کوردسات نیوز
١ی ئابی ٢٠٢٢
لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی نانسی پیلۆسی رایگەیاندووە، "نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سەرکردایەتی شاندێکی کۆنگرێس دەکات بۆ ناوچەی زەریای ھیندی و زەریای ھێمن، لەنێویاندا سەردانەکانی بۆ سەنگافورە، مالیزیا، کۆریای باشوور و ژاپۆن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانەکە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە، بەڵام دیاری نەکردووە کە ئایا پیلۆسی کە لە ئاستی سەرۆکایەتیدا لە پلەی سێیەمدایە، وێستگەی دیکەی سەردانیکردن ئەنجام بدات یان نا.
ئاماژە بەوەشکراوە، "لەو گەشتەدا تیشک دەخرێتە سەر ئاسایشی ھاوبەش، ھاوبەشی ئابووری و حوکمڕانی دیموکراسی لە ناوچەی زەریای ھیندی و زەریای ھێمن".
کەناڵی سی ئێن ئەی بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرا بە سەردانێکی دوو ڕۆژە ئەمڕۆ دووشەممە پیلۆسی بگاتە سەنگافورە.
چین بە توندی لە دژی سەردانی نانسی پیلۆسی بۆ تایوان ھاتووەتە سەر خەت. سەرۆک شی جینپینگ ڕۆژی پێنجشەممە ھۆشداریدا بە جۆ بایدن ھاوتا ئەمریکییەکەی کە واشنتۆن دەبێت پابەند بێت بە سەروەری چین و "ئەوانەی یاری بە ئاگر دەکەن بەو بنەمایە لەناو دەچن".