ئانالینا بیربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ  مەلود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئیستەنبوڵ، ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، سەبارەت بە ھەڵوێستیان دەربارەی چالاکییەکانی ئەنقەرە لە دورگەکانی دەریای ئیجە و زیندانیکردنی عوسمان کاڤالا سەرمایەداری تورکیا و مەترسی ئەگەری ھێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا.

وتیشی، پێویستە تورکیا ڕێز لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا بگرێت سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەت ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی عوسمان کاڤالا چالاکوان و سەرمایەداری تورکیا کراون، کە لە ئێستادا سزای زیندانیکردنی ھەتا ھەتایی بەسەردا سەپێندراوە.

لە بەرامبەریشدا چاوش ئۆغلۆ ڕایگەیاند، پێویستە ئەڵمانیا گوێ لە پروپاگەندەکانی یۆنان نەگرێت سەبارەت بە ناکۆییە دەریاییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، نیگەرانی ئەنقەرەشی دەربڕی، سەبارەت بە ھەوڵی دورخستنەوەی تورکیا لە ئەنجومەنی ئەوروپا.