مەھدی وەلی پور سەرۆکی بەشی کۆمەکی ڕێکخراوی مانگی سوری ئێران رایگەیاند، بەھۆی لافاوی چەند رۆژی ڕابردووەوە، تائێستا ٥٣ کەس خنکاون و لانیکەم ١٦ کەسیش بێسەروشوێن بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ٦٨٧ تیم سەرقاڵی فریاگوزارین و بەھۆی مەترسی لافاوەوە ١٥ ھەزار کەس گواستراونەتەوە بۆ شوێنی ئارام، شوێنی پارێزراویش بۆ نزیکەی ٢٧ ھەزار کەس دابینکراوە.

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانیش ڕایگەیاند، فەرمانیانکردووە  بە ھێزەکانیان ھەوڵە فریاگوزارییەکانیان چڕبکەنەوە، لەپێناو ھاوکاری و بەدەمەوەچوونی زیاتری ھاووڵاتیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، یان ئەو ناوچانەی کە مەترسی لافاویان لەسەرە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دەستەی کەشناسی ئێران ھۆشداریدا لەوەی کە چاوەڕواندەکرێت لافاو لە ٢٧ پارێزگای دیکەی ئێران ڕووبدات، بەو ھۆیەشەوە تیمە فریاگوزارییەکان و بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان لەو پارێزگایانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر مەترسییەک کە ڕووبدات.