لاڤرۆڤ دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی شەنگەھای لە تاشقەندی پایتەختی ئۆزبەکستان ڕایگەیاند، حکومەتی ئۆکراین ناتوانێت ئیدارەی گفتوگۆکان بدات و دەزانن کێ ئۆکراین ئاراستە دەکات.

وتیشی، بەمنزیکانە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا ئەمریکییەکەی ئەنجامدەدات، بەڵام ئەجێندایەک بۆ بابەتی گفتوگۆکان لەئارادا نیە و گرنگ ئەوەیە گوێ لە پێشنیازەکانی بلینکن بگرێت سەبارەت بە ھەناردەکردنی دانەوێڵەی روسیا.

وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخراوی شەنگەھای وەستانەوەیە بە ڕووی دامەزراندنی سیستمی جیھانی یەک جەمسەری و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ بنەمای چینی یەکگرتوو دووپاتکردەوە.

پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی پێشنیازێکی گرنگی سەبارەت بە زیندانییە ئەمریکییەکان پێشکەشی روسیا کردووە و بۆ یەکەمجار لە دوای ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ئۆکراین گفتوگۆ لەگەڵ ھاوتا روسییەکەی دەکات.