مەھدی وەلی پور سەرۆکی بەشی کۆمەکی ڕێکخراوی مانگی سوری ئێران ئاشکرایکردووە، تائێستا بەھۆی لافاوی چەند رۆژی ڕابردووەوە، ٣٢ کەس خنکاون و ٢٥ کەسیش بێسەروشوێن بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر بەھۆی مەترسی لافاوەوە ١٥ ھەزار کەس گواستراونەتەوە بۆ شوێنی ئارام، شوێنی پارێزراویش بۆ نزیکەی ٢٧ ھەزار کەس دابینکراوە.

لەلایەکی دیکەوە حسین سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، فەرمانکراوە بە ھێزەکانی سوپا ھەوڵە فریاگوزارییەکانیان چڕتربکەنەوە، لەپێناو ھاوکاری و بەدەمەوەچوونی زیاتری ھاووڵاتیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، یان ئەو ناوچانەی کە مەترسی لافاویان لەسەرە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دەستەی کەشناسی ئێران ھۆشداریدا، لەوەی چاوەڕواندەکرێت لافاو لە ٢٧ پارێزگای دیکەی ئێران ڕووبدات، بەو ھۆیەشەوە تیمە فریاگوزارییەکان و بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان لەو پارێزگایانە خراونەتە ئامادەباشییەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر مەترسییەک کە ڕووبدات.