ڕێکخەری کاروباری مرۆیی و فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کەشتییەکان بارکراون و ئامادەن بۆ دەستپێکردنی گەشتەکەیان، لەئێستاشدا ڕوسیا و ئۆکراین و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرقاڵی وردەکاری ھەماھەنگی دیاریکردنی ئاراستەی گەشتەکەیانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک ئەوەی بڕیاری لێدراوە، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئۆکراینەوە بە دەریای ڕەشدا بەڕێدەکەون، بەڵام ھێشتا وردەکاریی سەلامەتی گەشتی کەشتییەکان لە تاوتوێکردندایە، بۆ ئەوەی بێ ھیچ ڕێگرییەک گەشتەکەیان بەردەوام بێت.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی ڕوسیا و ئۆکراین و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئیستەنبوڵ ناوەندێکی ھەماھەنگی ھاوبەشی سەربازیی پێکھێنراوە، بۆ ئەوەی کەشتییە گەنم ھەڵگرەکان بە سەلامەتی بگەنە جێی خۆیان.