وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئاگادارن پرۆژەیەک لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادەکراوە بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی نەوتی روسیا دەکڕن لە ناویشیاندا چین و ھندستان، بۆیە داوا لە ئەمریکا دەکەن کێشەکان ئاڵۆز و قوڵتر نەکاتەوە و نەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانێکی گەورەی جیھانی، چونکە بەھیچ شێوەیەک چین پابەندی بڕیار و سزاکانی ئەمریکا نابێت.

لەو راگەیەندراوەدا وەزارەتی دەرەوەی چین ھەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە و رایگەیاندوە، ئەگەر کۆنگرێس سزا بە سەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت کە نەوت لە روسیا دەکڕن، ئامادەن بژاردەی سەربازیی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاربھێنن، لە ناویشیاندا خستنەخوارەوەی فڕۆکەی نانسی پێڵۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە بڕیارە لە مانگی ئابی داھاتوو سەردانی تایوان بکات.

نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پلانیدایە مانگی داھاتوو سەردانی تایوان بکات. ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ پشتیوانیی واشنتۆن لە تایپێ، کە ناکۆکی لەگەڵ چیندا ھەیە.

سەردانەکەش لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا یەکەم سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەبێت بۆ ئەو وڵاتە. سەردانەکەی نانسی پیلۆسی بۆ تایوان لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا ‌و چین زۆر خراپە.